ڤایرۆسی کۆڤید - ١٩

ڤایرۆسی کۆڕۆنا چییە؟

خێزانێکە لە ڤایرۆس، چەند جۆرێکی هەیە لەنێو ئاژەڵ و مڕۆڤ دا نەخۆشی دروست دەکات.

هەندێکیان کاریگەریان زۆر کەمە و نەخۆشی سووک دروست دەکەن وەک کۆڕۆنای مڕۆیی کە دەبێتە هۆی هەڵامەت. جۆرێکی تری پێی دەڵێن سارس واتە هەوکردنی توند و تیژی هەناسە کە لەساڵی ۲۰۰۳ سەری هەڵداو لە چین و هۆنگ کۆنگ، ڕێژەی مردنی ۳۰ ٪ بوو. جۆرێکی تر پێی دەڵێن مێرس واتە کۆنیشانی توندی هەناسە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەووڵاتی سعودیە و کەنداوی عەرەبی سەری هەڵدا و نزیکە ٨۰۰ کەسی کوشت و ٨ هەزار کەسی نەخۆش خست، ڕێژەی مردنی ۱۰ ٪ بوو.

ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ بریتییە لە جۆرێکی نوێ کە پێشتر دەستنیشان نەکراوە لە مرۆڤدا، کە ئێستاش لە چەندین وڵاتی جیهان بڵاوبووەتەوە.

 

چۆن بڵاودەبێتەوە؟

  1. لەکەسی توشبوو دەگوازرێتەوە بۆ کەسێکی تر

    بڵاوبوونەوەی سەرەکی ئەم ڤایرۆسە بریتیبووە لە گواستنەوەی لە کەسی توشبووەوە بۆ کەسێکی تر.
    • لەنێوان ئەو کەسانەی کە لەیەکترەوە نزیکن (لەنێوان ٦ پێ)
    •  لەڕێگەی کۆکە و پژمین

  2.  بەرکەوتن و دەستدان لەڕوو و شتی پیسبوو بەڤایرۆسەکە

    دەکرێت کەسێک بەهۆی دەستدان لە ڕووکەشێک یا شتێکی پیسبوو بە ڤایرۆسەکە و دواتر دەستدان لە دەم، لووت، یا چاوی توشی ڤایرۆسەکە ببێت، بەڵام ئەوە ڕێگای سەرەکی نەبووە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تا ئێستا.

 

نیشانەکانی نەخۆشیەکە:

  • تا
  • کۆکە
  • هەناسە تەنگی
  • ژانەسەر
  • ژانی ماسولکەکانی لەش
  • هەندێک جار سکچوون
  • ڕشانەوە

ئەگەر نەخۆشیەکە توند و قورسبوو  هەوکردنی سینگ، وپەککەوتنی هەناسە و گوورچیلە ڕوودەدا و دەبێتە هۆی مردن.

بەپێ زانیاری بەردەست ٨٠٪ حاڵەتەکان بەسووکی تووشی نەخۆشیەکە دەبن. تەنها تا، کۆکە، ژانەسەر، و سووتانەوەی گەروویان دەبێت هاوشێوەی ئەنفلەوەنزای ئاسایی.

دەکرێت نیشانەکانی ئەم ڤایرۆسە لە نێوان ١ بۆ ١٤ رۆژ دوای گرتنی ڤایرۆسەکە دەربکەون. ئەمەش لەسەر بنەمای ئەوەی کە پێشتر لە ڤایرۆسی مێرس بینراوە. 


 

ڕێگاکانی خۆپارێزی:

لە ئێستادا هیچ پێکوتەیەک نییە بۆ پاراستن لە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ. باشترین رێگا بۆ دوورکەوتنەوە لە نەخۆشکەوتن بریتییە لە بەدووربوون لە ڤایرۆسەکە. تکایە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکە بۆ بەدووربوون لە نەخۆشییە گوازراوەکان:

  1. زوو زوو دەست شووشتن بەئاو و سابوون بۆ ماوەی ۲۰ چرکە یان بە جێڵی پاککەرەوەی دەست.
  2. دەست نەدان لەدەم، لووت، و چاو پێش شۆردنی دەستەکانت.
  3. دوورکەوە لەهەرکەسێک کەنەخۆش بێت (تا و کۆکە و ئەنفلوەنزای هەبێت).
  4. لەکاتی کۆکە و پژمین دەم و لووتت یان بەشی ناوەوەی دەستت دابپۆشە بە کلێنیکس. کلێنیکسی بەکارهاتوو ڕاستەوخۆ فرێدە ناو سەلەی زبڵ و دەستەکانت بشۆ.
  5. ئەگەر نەخۆش بوویت، تا و کۆکەت هەبوو لەماڵەوە پشوو بدە تاوەکو کەسی تر تووش نەکەیت و یارمەتی بەرگری لەشت بدەیت زوو چاکببیتەوە.
  6. گۆشت و هێلکە بەباشی بکوڵێنە بۆ دڵنیابوون لەپاکژی.
  7. زیاتر بایەخ بە خواردنی تەندروست بدە و زوو زوو ئاو بخۆرەوە تاوەکو دووربیت لەووشکبونەوە.
  8. بەڵغەم فڕێمەدە سەر زەوی، ئەوە هۆکارێکە بۆ زیاتر بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە لە ژینگە و تووشکردنی کەسانی تر.
  9. ئەو ڕووکەش و کەرەستانەی  دەستت بەریان دەکەوێت، زوو زوو پاکیان بکەرەوە.
  10. دووربکەوەرەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و نزیک کەوتنەوە لە خەڵک.
  11. رەچاوی زانیارییەکانی سەرچاوەی سەرەکی حکومەت بکەن و پابەند بن بە ڕینماییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان .

ئایا ئاگاداریت لە زیانەکانی زۆر دانیشتن ؟

زۆر دانیشتن زیان بە تەندروستی دەگەینێت لە نوێترین توێژینەوەکاندا لە بەراوردی ئەو کەسانەی کە چالاکی ڕۆژانەیان هەیە و زۆر دەجولێن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە ناچالاکن و بەردەوام دادەنیشن ، دەرکەوتوە زۆر دانیشتن بەتایبەتی لە شوێنی کار و ئۆفیسەکان یاخود ماڵەوە زیان بە تەندروستی دەگەینێت لە چەند لایەکەوە ، ئەوانیش :

١-ئەو کەسانەی بۆماوەیەکی زۆر دادەنیشن ئەگەری مردنیان زیاترە بەبەراورد بەو کەسانەی کە کەمتر دادەنیشن .

٢- زۆر دانیشتن مەترسی توشبوون بە نەخۆشی شەکرە زیاد دەکات .

٣- دەبێتە هۆی ناڕێکی و تێکچوونی کێشی لەش.

٤-زۆربەی توێژینەوەکان دووپاتیانکردۆتەوە کە نەخۆشیەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن بەشێوەیەکی زۆر بەربڵاون لە ناو کەسانی ناچالاک .

٥-مەترسی تووشبوون بە لەبیرچونەوە و خەلەفان زیاد دەکات .

٦-زۆر دانیشتن جووڵەی خوێن لە قاچەکان کەمدەکاتەوە و سوڕی خوێن ناچالاک دەکات ، ئەم تۆپەڵەش لەوانەیە بگوازرێتەوە بۆ سییەکان و ببێتە هۆی کێشەی گەورە و مردن .

٧-تووشبوون بە فشاری دەروونی و خەمۆکی

کاریگەری خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان لەلایەن منداڵانەوە


توێژینەوە نوێیەکان دەری دەخەن کە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم لەلایەن منداڵانەوە کاریگەری خراپی دەبێتە سەر گەشەی مێشکیان 

١-ئەم توێژینەوەوانە بەڕونی دەریدەخەن کە ئەو منداڵانەی لە تەمەنێکی زووەوە ڕۆژانە زیاتر لە ٧ کاتژمێر سەیری شاشە ئەلیکترۆنیەکان دەکەن و بەکاریدەینن درەنگتر فێری قسەکردن و دەربڕین و کارلێککردنی هەستەکانیان لا زەحمەتتر دەبێت و بە گشتیش زیرەکیان کەمترە لەو منداڵانەی کە بە ئاسایی دەژین و کەمتر پەیوەستن بە تەکنەلۆژیا .

٢-ڕووناکی شینی شاشە ئەلیکترۆنیەکان کاردەکاتە سەر هۆرمۆنی میلاتۆنین و خەوی منداڵ تێکدەدات.

٣-بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەلایەن منداڵان توشی خەمۆکی و قەلەقیان دەکات .

٤-ئامێرە تەکنەلۆژیەکان تیشک دەردەپەڕێنن کە مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەیان زیاتر دەکات .

٥-بەهۆی تیشکە زیان بەخشەکانی ئەم ئامێرانە چاوی منداڵان زیاتر تووشی کێشە دەبن ، چونکە چاوی منداڵان هەستیار و ناسکە .

٦-تێکدانی ڕێکی جەستەی منداڵان ، بەهۆی ئەوەی منداڵان بەشێوەیەکی درێژ بە ناڕێکی دادەنیشن لەکاتی بەکار‌هێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان ، بۆیە زۆرتر تووشی ناڕێکی پشت و چەمانەوە دەبن.

بۆ ڕێگریکردن لە زیاتر بڵاونەبونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا دەبێت چیبکەین ؟

پرۆفیسۆر جان ئۆکسفۆرد دەڵێت : شێوەی تێکەڵبوونی ئێمە لەگەڵ کەسانی تر زۆر گرینگە ، گرینگترە لە بەکارهێنانی ماسکیش !

کەسێکی پسپۆڕ لە ناسینی ڤایرۆس دەڵێت خۆپاراستن لە بەرکەوتنی جسمی واتە فیزیکی دەتوانیت یارمەتی دەرێکی زۆر باشبێت لە ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا .
پرۆفیسۆر جان ئۆکسفۆرد کە مامۆستایە لە کۆلیژی کوین میری لە درێژەی قسەکانی دا دەڵێت خەڵک دەتوانن لە خۆپاراستن لە تەوقەکردن و لە باوەشگرتن و ماچکردنی یارمەتیدەر بن لە ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە .
هەروەها دەڵێت ئەمە ڤایرۆسێکی گشتیە (اجتماعیە) بۆیە دەبێت لە ڕێگای شێوەکانی بەرکەوتن بە خەڵک خۆمان بپارێزین  و بۆیە ئەمە زۆر گرینگترە هەتا لە بەکارهێنانی ماسکیش هەروەها دەکرێت لە ڕێگای هەناسەدان یاخود پژمین یاخود کۆخە بە ئاسانی بگوازرێتەوە 
پرۆفیسۆرێکی نایل فێرگۆسن لە کۆلیژی لۆندۆن دەڵێت لە خەراپترین حالەتدا دەکرێت ٦٠٪ خەڵکی بڕیتانیا توشی ئەم ڤایرۆسە ببن 

ژمارەی توشبوان بە کرۆنا تاکو ٢٣-٣-٢٠٢٠

ژمارەی توشبوان : ٣٧٥٢٢٥
ژمارەی مردوان :١٦٣٥٩

ژمارەی چاکبوەکان : ١٠١٥٨٤

ژمارەی توشبوان بە کرۆنا تاکو ٦-٤-٢٠٢٠

ژمارەی توشبوان : ١،٣١٥،٧٧٦
ژمارەی مردوان :٧٢،٧١١

ژمارەی چاکبوەکان : ٢٧٥،٣٧٣
نوێکراوەتەوە

نوستنی درێژخایەن لە ڕۆژەکانی پشووسوودی نیە !

میخایل پولویکتوف کە پسپۆڕێکی ڕوسیە دەڵێت کە نوستنی درێژخایەن بۆ قەرەبووکردنی ماندی بوون و کەم خەوی ، کارێکی باش نیە .

هەروەها دەڵێت نوستنی درێژخایەن لە ڕؤژانی پشوو کە زۆرێك لە خەلکی بە بەهانەی قەرەبووکردنیەوەی ماندیبوونیان زۆرتر لە ڕؤژانی تر دەنوون لەوانەیە ببێتە هۆی نەخۆشیەکانی وەک دیابێت یاخود نەخۆشیەکانی کە پەیوەستن بە گەڕانی خوێن

و زۆر نووستنی درێژ خایەن دەبێتە هۆی خاو بوون لە توانایی مێشکی و دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە بڕبڕەی پشت و هەروەها دەبێتە هۆی خربوونەوەی چەوری


چپس و ئەو بابەتانەی کە زیان بە تەندروستی دەگەینن چین ؟

چپس و بابەتەکانی زیان بە تەندروستی دەگەینن چین ؟


چپس و بابەتەکانی بە یێکێک لە پڕفرؤشترین کاڵاکان دادەنرێن لە بازاڕەکاندا ، پسپؤڕانی خۆراک لە لێکۆڵێنەوەکانیاندا دەریانخستوە کە خواردنی چپس بە بەردەوامی کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ و زیانبەخشە . چونکە خواردنی بەردەوامی چپس لەوانەیە ببێتە هۆی :
١ دواکەوتنی گەشە لە منداڵان . پزیشکانی بواری منداڵان پێیانوایە ئەو منداڵانەی کە بەشێوەیەکی زۆر چپس و بابەتەکانی دەخۆن باڵایان کورتترە بەبەراورد بەو منداڵانەی کە بڕێکی کەمتر دەخۆن .
٢-کەم خوێنی .
٣-هەڵوەرین و لاوازبوونی قژ.
٤-زانگەیاندن بە گورچیلە بەهۆی بڕێکی زۆری خوێ لاناو ئەو ماددانەدا .
٥- مەترسی توشبوون بە قەڵەوی زیاد دەکات چونکە بڕێکی زۆر چەوری و کالۆرییان تێداییە .
٦-بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ڕێژەی کۆلۆسترۆل لە خوێندا.

سوودەکانی میوەکانی دژەئۆکسیدان و لەوانیش بەتایبەتی گێزەر

توێژینەوە پزیشکیەکان نیشان دەدەن کە خواردنی سەوزە و میوە بە تایبەتی ئەوانەی دژیئۆکسانن (antioxidant)یان تێدایە ، ڕۆلێکی گرینگیان هەیە لە ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و نەخۆشیەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن و پیربوون .

گێزەر یێکێکە لەو سەوزانەی کە ڕێژەیەکی زۆر ڤیتامینەکان و ماددە کانزاییەکان و ڕیشاڵەکان (فایبەر ) ی تێدایە .

ئەمانەی خوارەوە ئەو نەخۆشییانەن کە گێزەر ڕۆڵی هەیە لە ڕێگریکردن لێیان : 

١- بەهۆی هەبوونی بڕێکی زۆر دژە ئۆکسانەکان لە گێزەر ، ڕۆلی هەیە لە کەمکردنەوەی مەترسی توشبوون بە چەند جۆرێکی شێرپەنجە .لەوانەش شێرپەنجەی کۆڵۆن و ڕێکە و شێرپەنجەی سییەکان . 

٢- گێزەر دەوڵەمەندە بە ڤیتامین ئەی ، کە کاری بینین باشتر دەکات. بەتایبەتی تاریکی و پارێزەری چاوە لە کزبوون بەتایبەتی لە منداڵان .

٣-بەسوودە بۆ تووشبووانی نەخۆشی شەکرە و بەرزی پەستانی خوێن.

٤-گێزەر دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سی ، کە سیستەمی بەرگری لەش زیاد دەکات و بەرهەڵستی نەخۆشییەکان دەکات.

٥-پاراستنی پێست و مانەوە بە گەنجی .

٦-یارمەتی لەش دەدات لە بەرگریکردن لە هەوکردن.

ئەو خواردنانەی کە چەوری کلۆسترۆل جێگیر دەکەن؟

ئەو خواردنانەی کە چەوری کلۆسترۆل جێگیر دەکەن؟ 

نەخۆشیەکانی دڵ و کۆئەندامی سووڕان بە یەکێک لە بەربڵاوترین هۆکارەکانی مردن دادەنرێت لە جیهاندا.

بەرزی ڕێژەی کۆلیسترۆل بەتایبەتی چەوری LDL(چەوری خراپ) بە یێکێک لە مەترسییەکان دادەنرێت بۆ تووشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ.

شێواز و ڕەفتاری خۆراکت کاریگەرییەکی گرینگی هەیە لە ڕێگریکردن لەم نەخۆشییانە و مەترسییەکانی تر. بۆیە گرینگە ئەو خواردنانە هەڵبژێری کە چەوری خراپ کەم دەکەنەوە و چەوری باش (HDL)زیاد دەکەن .

ئەوانەی خوارەوە چەند خواردنێکی بەسودن بۆ ئەم مەبەستە :

١-فاسۆلیا، پاقلە ، نیسک.

٢-ئاڤاکادۆ.

٣-ماسی سەلەمون.

٤-دانەوێڵە بە گشتی.

٥-گوێز و باوی.

٦-ترێ و توو و بابەتەکانی تری وەک سەوزەوات.

٧-سیر.

٨-چای سەوز .

٩-بەکارهێنانی زەیتی زەیتوون لە خواردنەکانتان..

هەوکردنی بەشی خوارەوەی کۆئەندامی میزەڕۆ :

هەوکردنی بەشی خوارەوەی کۆئەندامی میزەڕۆ :

هەوکردنی بەشی خوارەوەی جۆگەی میزەڕۆ یەکێکە لە بەربڵاوترین هەوکردنەکان لە پیاوان و ئافرەتاندا بەڵام زیاترە لە ئافرەتان .ئەم هەوکردنە دەبێتە هۆی کۆمەڵە نیشانەیەک لەوانە ئازار و سوتانەوە لە کاتی میزکردن و زوو میزکردن و پەشۆکاوی بۆ دەستبەجێ میزکردن و بوونی تایەکی نزمی بەردەوام.ئەمانەش کێشەو نارە‌حەتی بەردەوام دروست دەکەن لەوانەیە نیشانە و هەراسانی گەورەتریان بەدوادابێت.بەڵام دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت بە پابەندبوون بە چەند ڕێنماییەکی تەندروستی لەوانە :
١-خواردنەوەی بڕێکی باشی ئاو ،نزیکەی ٧بۆ٨ بەرداخ لە ڕۆژێکدا .

٢-گرینگی دان بە پاکڕاگرتنی کۆئەندامی زاو زێ ،و تەڕکردن و شوشتنی .

٣-بەکارنەهێنانی ئەو شامپۆ و سابوون و ماددە پاککەرەوانەی کە ماددەی کیمیاییان تێدایە (تەنها بە ڕێنمایی پزیشک نەبێت).

٤-خۆشوشتن و میزکردن دوای جوتبوون و پێشجووتبوون .

٥-خواردنی ڕووەکی تووتڕک (cranberry )یان شەربەتەکەی.

٦-ڕانەگرتنی میز لەکاتی میزهاتن .

٧-لەبەرکردنی جلی ژێرەوەی گونجاو و خاوێن.

٨-وشک کردنەوە بە بەکارهێنانی کلێنکس پاش چونە توالێت.

چۆن خەوێکی تەندروستمان هەبێت ؟

خەوی تەندروست کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژیانی ئێمە هەیە . بۆیە هەریەکێک لە ئێمە پێویستە گرینگی بە خەو بدات و هەوڵبدات ڕەفتارە تەندروستییە گونجاوەکان بۆ خەوێکی باش ئەنجام بدات کە بریتین لەمانە :

١-نوستن و هەستان لە کاتی خۆی تەنانەت لەو ڕۆژانەش کە پشوون.

٢-فەراهەم کردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ نووستن . بۆ نموونە کوژاندنەوەی ڕووناکی لە ژووری نوستن و پاراستنی هێمنی ژووری نوستن و دوورخستنەوەی ئامێری کارەبایی لە نزیک شوێنی نووستن .

٣-باشتر وایە لە ڕۆژدا نەخەویت چونکە ئەمە کاتی نووستنت تێکدەدات.

٤-چالاکی وەرزشی لە ڕۆژدا وادەکات خەوێکی باشترت هەبێت لە شەودا

٥-سەرین و جێگای گونجاو بۆ خەوتن .

٦-دورکەوتنەوە لە زۆر وەرگرتنی دەرمانی خەو .

٧-کەمکردنەوە یاخود نەخواردنەوەی ماددە کحولیەکان و نەکێشانی جگەرە بە تایبەتی کاتی نوستن .

٨-دورکەوتنەوە لە خواردنەوەی ئەو ماددانەی کە کافایینی تێدایە وەکو چا و قاوە لە کاتی نوستن.

٩-خۆشوشتن بە ئاوی گەرم یان شلەتێن پێش کاتی نووستن یارمەتیدەرە بۆ هەبوونی خەوێکی باش.

١٠-دەرونت ئارام بکەوە و دووربکەوە لە زۆر بیرکردنەوە.

١١-گوێ لە میوزیکێکی ئارام بگرە.

١٢-ئەگەر ئەم هۆکارانە یارمەتی دەرت نەبوون بۆ ماوەیەکی درێژ و کێشەی نوستنت هەبوو، سەردانی پریشکی پسپۆڕ بکە.

سوودەکانی ئاو خواردنەوە چین ؟

١- ڕۆژانە خواردنەوەی بڕێکی پێویست لە ئاو یارمەتی مانەوەی هاوسەنگی شلەکانی لەش دەدات و کردارەکانی زیندەپاڵ و چالاکییە زیندەییەکان ڕێکدەخات.

٢-خواردنەوەی ئاو یارمەتیت دەدات لە ڕێکخستنی کالۆری جەستەت و هەبوونی لەشێکی تەندروستتر .

٣-یارمەتی چالاکی ماسولکەکان دەدات.

٤- یارمەتی مانەوەی پێست دەدات بە شێداری و لە وشکبوونەوەی دەیپارێزێت .

٥-کاری گورچیلەکان باشتر و ئاسانتر دەکات و لە نەخۆشییەکان دەیپارێزێت.

٦-کەم خواردنەوە و نەخواردنەوەی ئاوی پێویست ئەگەری هەوکردنی بەشی خوارەوەی ڕێڕەوی میزەڕۆ زیاد دەکات

بۆچی دایک دەبێت شیری خۆی بدات بە منداڵەکەی ؟

شیرپێدانی سروشتی بریتیە لە پێدانی شیری دایک بە منداڵ بەبێ هیچ خۆراکێکی تر . لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی منداڵ و دەتوانرێت تا دوو ساڵی بەردەوام بکرێت

ژەک چیە ؟

ژەک یەکەمین شیری مەمکی دایکە ، کە ڕاستەوخۆ لە دوای منداڵبوون دەردەدرێت و دەتوانرێت بە منداڵەکەی بدات.

شیرێکی پەیت و فرە پرۆتینە ،دەوڵەمەندە بە ماددە کانزاییەکان و دژەتەنەکان ، کە ڕۆلێکی گرینگی هەیە لە پەرەسەندنی سیستمی بەرگری منداڵەکە و ڕۆلێکی گرینگ دەبینێت لە پارێزگاریکردنی منداڵ لە تووشبوون بە نەخۆشیەکان .


سودەکانی شیری دایک بۆ منداڵەکەی :

١-شیری دایک باشترین خۆراکە و بەئاسانی و لەهەموکاتێکدا بەردەست دەبێت.

٢-شیری دایک تا تەمەنی ٦ مانگی هەموو ماددە خۆراکیەکان و شلەمەنی پێویست دابین دەکات .

٣- شیری دایک منداڵ دەپارێزیت لە گرفتەکانی قەبزی و کێشەکانی هەرس و هەستیاری .

٤-شیری دایک منداڵ دوردەخاتەوە لە توشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکان بەتایبەتی نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەرس و هەناسە .

٥-یارمەتی گەشە و پێگەیشتنی مێشک و بیر و زیرەکی منداڵ دەدات .

٦-پەیوەندی سۆزداری و خۆشەویستی لە نێوان دایک و منداڵ پتەو و زیاتر دەکات .


سودەکانی شیر پێدانی سروشتی بۆ دایک :

١-ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مامک و منداڵبوون کەم دەکاتەوە .

٢-یارمەتی خێرا گەڕانەوەی قەبارە و شێوەی منداڵدان دەدات بۆ باری ئاسایی پێش منداڵبوون .

٣-ئەگەری خوێن بەربوون لەدوای منداڵبوون کەمدەکاتەوە .

٤-یارمەتی ڕێکبوونەوەی لەشی ئافرەت دەدات لە دوای منداڵبوون .

Metronic Blog Post

Lorem ipsum dolor sit amet adipiscing elit, sed diam nonummy

Metronic Blog Post

Lorem ipsum dolor sit amet adipiscing elit, sed diam nonummy

Metronic Blog Post

Lorem ipsum dolor sit amet adipiscing elit, sed diam nonummy

Metronic Blog Post

Lorem ipsum dolor sit amet adipiscing elit, sed diam nonummy