شێرپەنجەی گورچیلە

شێرپەنجەی گورچیلە جۆرێکی شێرپەنجەیە کە لە خانەکانی گورچیلەدا سەرهەڵدەدات و بەگشتی لەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە لەسەروو تەمەنی ٤٠ ساڵییەوەن. تا ئێستا بەتەواوی هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی نەدۆزراوەتەوە.
شێوازی سەرهەڵدانی شێرپەنجەی گورچیلەش بەهەمان شێوەی جۆرەکانی تری شێرپەنجەیە؛ کاتێک خانەکانی گورچیلە بەشێوەیەکی ناسروشتی و نائاسایی دەست دەکەن بە گەشە و دابەشبوون، شێرپەنجە سەرهەڵدەدات. لەگەڵ زۆربوونی خانە شێرپەنجەییەکانیشدا، لوو(وەرەم) پێکدێت و ئەگەری هەیە تەشەنە بکاتە ناو بەشەکانی تری لەش.
بۆئەوەی لە شێرپەنجەی گورچیلە تێبگەین، باشتر وایە سەرەتا هەندێک زانیاری لەبارەی خودی گورچیلە و پێکهاتەکەیەوە بزانین.
گورچیلەكان دوو ئەندامی شێوە دەنكە فاسۆلیایین، هەریەكەیان بەقەد مستێك دەبن، دەكەونە بەشی دواوەی سك، لەهەر لایەكی بڕبڕەی پشت. فرمانی سەرەكی گوڕچیلەكان بریتییە لە فڕێدانی شلەی زیاد و پاشماوەی ناو خوێن و ڕۆژانە زیاتر لە ١٨٢ لیتر خوێن دەپاڵێون.
بوونی هەردوو گورچیلەکان گرنگییەکی زۆری هەیە، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت بەتەنها گورچیلەیەکیش ژیانی بگوزەرێنێت.
- ھەریەکە لە گورچیلەکان زیاتر لە ٢ ملیۆن یەکەی پاڵاوتنیان تیادایە کە لەتوانایاندایە خوێن بپاڵێون و ماددە زیانبەخشەکانی لێ لابدەن.
- ھەرچەندە کێشی گورچیلەکان ٠،٥% ی لەشی مرۆڤ پێکدەھێنێت بەڵام بە بەراورد بە ئەندامەکانی تری لەش خوێنێکی زۆری پێدەگات، نزیکەی ٢٥%ی ئەو خوێنەی کە لەلایەن دڵەوە دەھاوێژرێت دەڕوات بۆ گورچیلەکان.
- ڕۆژانە گورچیلەکان ١٠٠٠-٢٠٠٠ میللیلیتر میز دەپاڵێون و دروستدەکەن و ڕۆژانە بە گشتی نزیکەی لیتر و نیوێک میز دەردەھاوێژرێت لەلایەن ھەر مرۆڤێکەوە. ڕۆژانە گورچیلەکان زیاتر لە ٤٠٠ جار خوێن دەپاڵێون.
- ھەموو خولەکێک گورچیلەکان نزیکەی ١،٣ لیتر لە خوێن پاک دەکەنەوە، کە ئەوەش نزیکە لە ھەمان بڕی میزی دروستبوو لەلایەن گورچیلەکانەوە لە ڕۆژێکدا؛ واتە زۆربەی ماددە پاڵێوراوەکان دەگەڕێنەوە بۆ ناو لەش.
هۆکارەکانی توشبوون بە شێرپەنجەی گورچیلە
شێرپەنجەی گورچیلە، سێ جۆری سەرەکیی هەیە و باوترین جۆریان لە بالغبوواندا پێی دەوترێت شێرپەنجەی خانەی گورچیلەیی(Renal cell cancer). تا ئێستا هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی ئەم شێرپەنجەیە دەستنیشان نەکراوە، بەڵام هەندێک هۆکاری لاوەکی هەن کە مەترسیی توشبوون زیاد دەکەن:
- جگەرەکێشان، جگەرەکێشان ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی گورچیلە دوو هێندە زیاد دەکات.
- بەرزیی پەستانی خوێن
- ماددەی کیمیایی، ئەو کەسانەی کە لە کار و پیشەیاندا بەریەککەوتنیان لەگەڵ ماددەگەلی وەک ئاسبستۆز هەیە، ئەگەری توشبوونیان بەم جۆرەی شێرپەنجە زیاترە.
ئەم حاڵەتانەی خوارەوەش ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی گورچیلەیان تیادا زیاترە:
- پیاوان، مەترسیی توشبوون بە شێرپەنجەی گورچیلە لە پیاواندا زیاترە وەک لە ژنان.
- قەڵەوی، دامەزراوەی توێژینەوەی شێرپەنجە لە بەریتانیا لە ڕاپۆرتێکدا دەریخستووە کە لە چواریەکی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی گورچیلە لە دەیەی ڕابردوودا قەڵەوی بوونی هەبووە، لە چواریەکی دیکەشدا جگەرەکێشان.
- پێشینەی توشبوون، ئەوانەی کە لەنێو بنەماڵەیاندا پێشینەی توشبوونیان بەم نەخۆشییە هەیە ئەگەری سەرهەڵدان تیایاندا زیاترە.
نیشانەکان
لە زۆربەی بارەکاندا، لەوانەیە سەرەتا هیچ نیشانەیەک دەرنەکەوێت. بەڵام لەگەڵ گەورەبوونی لووەکاندا وردەوردە یەکێک یان زیاتر لەم نیشانانەی خوارەوە ئەگەری دەرکەوتنیان هەیە:
- بوونی خوێن لە میزدا
- نەمانی ئارەزووی خواردن
- بوونی ئازار لە پەراسوو و پشتدا
- دابەزینی کێش بەبێ بوونی هۆکارێکی دیار
- تا لێهاتنی زیاد لە هەفتە بەبێ بوونی نەخۆشییەکی دیار
- ئەنیمیا(کەم خوێنی یاخود کەمیی خرۆکە سورەکان لە خوێندا)
- شەکەتیی لەڕادەبەدەر
- ئاوساوی لە قاچدا
ئەم نیشانانەی خوارەوەش لە حاڵەتێکدا کە شێرپەنجەکە تەشەنەی کردبێت ئەگەری دەرکەوتنیان هەیە:
- تەنگەنەفەسی
- خوێن هێنانەوە لەکاتی کۆکیندا
- ئازاری ئێسک
تێبینی/ لەم جۆرەی شێرپەنجە و جۆرەکانی تری شێرپەنجەشدا گرنگە ئەوە بزانین کاتێک کەسێک لەم نیشانانەی تیادا بەدەرکەوت ڕاستەوخۆ مانای ئەوە ناگەیەنێت کەسەکە شێرپەنجەی هەبێت. ئەم نیشانانە دەکرێت بەهۆی چەند نەخۆشییەکی تریشەوە دەربکەوێت، بۆیە پێویستە لە کاتی هەستکردن بەم نیشانانە سەردانی پزیشکی تایبەت بکرێت و ئاگادار بکرێتەوە.
خۆپارێزی
لەبەرئەوەی پزیشک و پسپۆڕان تائێستا نەیانتوانیوە هۆکارە سەرەکییەکانی توشبوون بە شێرپەنجەی گورچیلە دەستنیشان بکەن، بۆیە هیچ ڕێگایەکی ڕون بەتەواوی دیاری نەکراوە بۆ خۆپاراستن لێی. بەڵام دەکرێت بە خۆپاراستن لەو هۆکارە لاوەکییانەی لەسەرەوە باسکران و چەند ڕێگایەکی تر، مەترسیی توشبوون بەم جۆرەی شێرپەنجە کەم بکرێتەوە:
- دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان
- دوورکەوتنەوە لە ماددەی کیمیایی وەکو ئاسبستۆز
- چاودێریکردنی کێشی لەش و تەندروست ڕاگرتنی
- ئاگاداربوون لە پەستانی خوێن
- کەمکردنەوەی خواردنی گۆشتی برژاو
چارەسەر
ئەم شێرپەنجەیەش، وەک جۆرەکانی تری شێرپەنجە ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێت ئەگەری چارەسەری زۆرە و دەکرێت بەتەواوی کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام لەبەرئەوەی نیشانەیەکی وا دیاریکراو و تایبەتی نییە کە لە سەرەتادا بەتەواوی بوونی شێرپەنجەکە بسەلمێنێت، لە زۆربەی بارەکاندا دوای تەشەنەکردنی ئینجا دەستنیشان دەکرێت.
دوای ئەوەی پشکنین بۆ نەخۆشییەکە کرا و جۆر و قۆناغەکەی دیاری کرا، لەگەڵ پسپۆڕی تایبەتدا پلانی چارەسەر دادەنرێت. بەپێی جۆر و قۆناغەکەی چەند چارەسەرێک دەکرێت دابنرێت. لە زۆرینەی بارەکاندا، نەشتەرگەری وەک چارەسەری یەکەم دەگیرێتە بەر، بەڵام ئەگەر بە نەشتەرگەری تەواوی لووەکەش لاببرێت، چارەسەری تر دەگیرێتە بەر تاکو ئەو خانە شێرپەنجەییانەش کە دیار و لەبەرچاو نین لەناوببرێن.
ئەمانەی خوارەوە جۆرە سەرەکییەکانی نەشتەرگەرین کە بۆ چارەسەری شێرپەنجەی گورچیلە دەگیرێنە بەر. جۆری نەشتەرگەرییەکەش بە هەمان شێوە بەگوێرەی جۆری شێرپەنجەکە و قۆناغەکەی دیاریدەکرێت.
- لابردنی گورچیلە بەتەواوی(Radical nephrectomy)، گورچیلە، ڕژێنی ئادریناڵ(سەر گورچیلە) و پێکهاتەکانی چواردەوری هەموو لادەبرێن. زۆرجار لیمفەگرێ نزیکەکانیش لادەبرێن.
- لابردنی گورچیلە بەتەنها(Simple nephrectomy)، تەنها گورچیلە لادەبرێت.
- لابردنی پارچەیەک لە گورچیلە(Partial nephrectomy) شێرپەنجەکە و هەندێک شانەی چواردەوری لادەبرێت. ئەم جۆرەیان بۆ لووی بچوک بەکاردێت(کەمتر لە ٤ سم)
ئەگەر شێرپەنجەکە بە نەشتەرگەری چارەسەر نەکرا، چەند ڕێگایەکی تر دەکرێت بگیرێنە بەر:
- چارەسەر بە ساردکردن(Cryotherapy)، ساردیی لەڕادەبەدەر بەکاردەهێنرێت بۆ لەناوبردنی لووەکە.
- لابردن بە ڕەیدیۆفریکوێنسی(Radiofrequency ablation)، بەکارهێنانی تیشکی بەهێز بۆ سوتاندنی لووەکە.
- بەربەستکردنی خوێنبەر(Arterial embolization)، بریتییە لە بەربەستکردنی خوێنبەر کە بۆ گورچیلە دەچێت، ئەمەش وادەکات خوێن نەچێت بۆ لووی دروستبوو.