‎نەخۆشی ڕەبۆ چییە؟

بنار شیخۆ

‎نەخۆشی ڕەبۆ چییە؟                           

‎نەخۆشی ڕەبۆ نەخۆشییەکی درێژخایەنی کۆئەندامی هەناسەدانە . کە تێییدا بۆڕییەکانی هەوا بە شێوەیەکی نائاسایی هەستیار دەبن بەرامبەر کۆمەڵە ماددەیەکی دیاریکراو کە لە کەسی ئاساییدا ڕوونادات. بەرکەوتنی کەسی تووشبوو بەو ماددانەی هەستیاری بۆی هەیە دەبێتە هۆی هەوکردن و تەسکبوونەوەی ڕێڕەوەکانی هەوا، ئەمەش کرداری هەناسەدان گران دەکات و کێشە بۆ کەسی تووشبوو دروست دەکات.  

‎هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی ڕەبۆ:

‎تاوەکو ئەمڕۆ پزیشکان بەتەواوی نازانن هۆکاری تووشبوون بەم نەخۆشییە چییە، بەڵام هەندێکیان بڕوایان وایە هۆکاری بۆماوەیی و ژینگەیی ڕۆڵیان لە تووشبوون بەم نەخۆشیە هەیە وەک:

‎١) بوونی نەخۆشی ڕەبۆ لە خێزاندا. بەتایبەتی بۆ ئەو منداڵانەی کە دایک یان باوکیان تووشبووی ڕبۆیە.

‎٢) بەرکەوتن بە ماددە هەستیاری پەیداکەرەکان و چەند جۆرێکی ڤایرۆس لە تەمەنی منداڵیدا.

‎نیشانەکانی:

‎۱) کۆخەیەکی توند بەتایبەتی لە درەنگانی شەو و بەرەبەیان.

‎۲) هەناسەتەنگی

‎۳) بوونی دەنگ( خیزە خیز) لە کاتی هەناسەداندا.

‎خۆپاراستن و چارەسەری ڕەبۆ:

‎نەخۆشی ڕەبۆ نەخۆشییەکی  درێژخایەنە، تاوەکو ئێستا چارەسەری بنبڕی نییە. تەنها دەتوانرێت نیشانەکانی کۆنتڕۆڵ بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە ئاکامە خراپەکانی.

‎۱) وەرگرتنی دەرمان بەپێی ڕێنماییەکانی پزیشکی پسپۆڕ.

‎۲) خۆپاراستن و دوورکەوتنەوە لەو هۆکارانەی کە نەخۆشییەکە چالاک دەکەن. وەک هەڵاڵەی گوڵ، دووکەڵی جگەرە، کەش و هەوای  تۆز و خۆڵاو، کەش و هەوای سارد و وشک و هەندێک لە جۆرەکانی بۆن.....هتد.  

‎۳) چالاکی و وەرزش و خواردنی تەندرووست.

‎٤) ئەگەر هەستت کرد نیشانەکانی نەخۆشییەکە بەرەو خراپتر دەچن، سەردانی نەخۆشخانە بکە.