بۆچی دایک دەبێت شیری خۆی بدات بە منداڵەکەی ؟

بنار شیخۆ

شیرپێدانی سروشتی بریتیە لە پێدانی شیری دایک بە منداڵ بەبێ هیچ خۆراکێکی تر . لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی منداڵ و دەتوانرێت تا دوو ساڵی بەردەوام بکرێت

ژەک چیە ؟

ژەک یەکەمین شیری مەمکی دایکە ، کە ڕاستەوخۆ لە دوای منداڵبوون دەردەدرێت و دەتوانرێت بە منداڵەکەی بدات.

شیرێکی پەیت و فرە پرۆتینە ،دەوڵەمەندە بە ماددە کانزاییەکان و دژەتەنەکان ، کە ڕۆلێکی گرینگی هەیە لە پەرەسەندنی سیستمی بەرگری منداڵەکە و ڕۆلێکی گرینگ دەبینێت لە پارێزگاریکردنی منداڵ لە تووشبوون بە نەخۆشیەکان .


سودەکانی شیری دایک بۆ منداڵەکەی :

١-شیری دایک باشترین خۆراکە و بەئاسانی و لەهەموکاتێکدا بەردەست دەبێت.

٢-شیری دایک تا تەمەنی ٦ مانگی هەموو ماددە خۆراکیەکان و شلەمەنی پێویست دابین دەکات .

٣- شیری دایک منداڵ دەپارێزیت لە گرفتەکانی قەبزی و کێشەکانی هەرس و هەستیاری .

٤-شیری دایک منداڵ دوردەخاتەوە لە توشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکان بەتایبەتی نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەرس و هەناسە .

٥-یارمەتی گەشە و پێگەیشتنی مێشک و بیر و زیرەکی منداڵ دەدات .

٦-پەیوەندی سۆزداری و خۆشەویستی لە نێوان دایک و منداڵ پتەو و زیاتر دەکات .


سودەکانی شیر پێدانی سروشتی بۆ دایک :

١-ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مامک و منداڵبوون کەم دەکاتەوە .

٢-یارمەتی خێرا گەڕانەوەی قەبارە و شێوەی منداڵدان دەدات بۆ باری ئاسایی پێش منداڵبوون .

٣-ئەگەری خوێن بەربوون لەدوای منداڵبوون کەمدەکاتەوە .

٤-یارمەتی ڕێکبوونەوەی لەشی ئافرەت دەدات لە دوای منداڵبوون .