ڤایرۆسی کۆڤید - ١٩

ڤایرۆسی کۆڕۆنا چییە؟
خێزانێکە لە ڤایرۆس، چەند جۆرێکی هەیە لەنێو ئاژەڵ و مڕۆڤ دا نەخۆشی دروست دەکات.
هەندێکیان کاریگەریان زۆر کەمە و نەخۆشی سووک دروست دەکەن وەک کۆڕۆنای مڕۆیی کە دەبێتە هۆی هەڵامەت. جۆرێکی تری پێی دەڵێن سارس واتە هەوکردنی توند و تیژی هەناسە کە لەساڵی ۲۰۰۳ سەری هەڵداو لە چین و هۆنگ کۆنگ، ڕێژەی مردنی ۳۰ ٪ بوو. جۆرێکی تر پێی دەڵێن مێرس واتە کۆنیشانی توندی هەناسە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەووڵاتی سعودیە و کەنداوی عەرەبی سەری هەڵدا و نزیکە ٨۰۰ کەسی کوشت و ٨ هەزار کەسی نەخۆش خست، ڕێژەی مردنی ۱۰ ٪ بوو.
ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ بریتییە لە جۆرێکی نوێ کە پێشتر دەستنیشان نەکراوە لە مرۆڤدا، کە ئێستاش لە چەندین وڵاتی جیهان بڵاوبووەتەوە.
چۆن بڵاودەبێتەوە؟
- لەکەسی توشبوو دەگوازرێتەوە بۆ کەسێکی تر
بڵاوبوونەوەی سەرەکی ئەم ڤایرۆسە بریتیبووە لە گواستنەوەی لە کەسی توشبووەوە بۆ کەسێکی تر.- لەنێوان ئەو کەسانەی کە لەیەکترەوە نزیکن (لەنێوان ٦ پێ)
- لەڕێگەی کۆکە و پژمین
- بەرکەوتن و دەستدان لەڕوو و شتی پیسبوو بەڤایرۆسەکە
دەکرێت کەسێک بەهۆی دەستدان لە ڕووکەشێک یا شتێکی پیسبوو بە ڤایرۆسەکە و دواتر دەستدان لە دەم، لووت، یا چاوی توشی ڤایرۆسەکە ببێت، بەڵام ئەوە ڕێگای سەرەکی نەبووە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تا ئێستا.
- لەنێوان ئەو کەسانەی کە لەیەکترەوە نزیکن (لەنێوان ٦ پێ)
- لەڕێگەی کۆکە و پژمین
نیشانەکانی نەخۆشیەکە:
- تا
- کۆکە
- هەناسە تەنگی
- ژانەسەر
- ژانی ماسولکەکانی لەش
- هەندێک جار سکچوون
- ڕشانەوە
ئەگەر نەخۆشیەکە توند و قورسبوو هەوکردنی سینگ، وپەککەوتنی هەناسە و گوورچیلە ڕوودەدا و دەبێتە هۆی مردن.
بەپێ زانیاری بەردەست ٨٠٪ حاڵەتەکان بەسووکی تووشی نەخۆشیەکە دەبن. تەنها تا، کۆکە، ژانەسەر، و سووتانەوەی گەروویان دەبێت هاوشێوەی ئەنفلەوەنزای ئاسایی.
دەکرێت نیشانەکانی ئەم ڤایرۆسە لە نێوان ١ بۆ ١٤ رۆژ دوای گرتنی ڤایرۆسەکە دەربکەون. ئەمەش لەسەر بنەمای ئەوەی کە پێشتر لە ڤایرۆسی مێرس بینراوە.
ڕێگاکانی خۆپارێزی:
لە ئێستادا هیچ پێکوتەیەک نییە بۆ پاراستن لە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ. باشترین رێگا بۆ دوورکەوتنەوە لە نەخۆشکەوتن بریتییە لە بەدووربوون لە ڤایرۆسەکە. تکایە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکە بۆ بەدووربوون لە نەخۆشییە گوازراوەکان:
- زوو زوو دەست شووشتن بەئاو و سابوون بۆ ماوەی ۲۰ چرکە یان بە جێڵی پاککەرەوەی دەست.
- دەست نەدان لەدەم، لووت، و چاو پێش شۆردنی دەستەکانت.
- دوورکەوە لەهەرکەسێک کەنەخۆش بێت (تا و کۆکە و ئەنفلوەنزای هەبێت).
- لەکاتی کۆکە و پژمین دەم و لووتت یان بەشی ناوەوەی دەستت دابپۆشە بە کلێنیکس. کلێنیکسی بەکارهاتوو ڕاستەوخۆ فرێدە ناو سەلەی زبڵ و دەستەکانت بشۆ.
- ئەگەر نەخۆش بوویت، تا و کۆکەت هەبوو لەماڵەوە پشوو بدە تاوەکو کەسی تر تووش نەکەیت و یارمەتی بەرگری لەشت بدەیت زوو چاکببیتەوە.
- گۆشت و هێلکە بەباشی بکوڵێنە بۆ دڵنیابوون لەپاکژی.
- زیاتر بایەخ بە خواردنی تەندروست بدە و زوو زوو ئاو بخۆرەوە تاوەکو دووربیت لەووشکبونەوە.
- بەڵغەم فڕێمەدە سەر زەوی، ئەوە هۆکارێکە بۆ زیاتر بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە لە ژینگە و تووشکردنی کەسانی تر.
- ئەو ڕووکەش و کەرەستانەی دەستت بەریان دەکەوێت، زوو زوو پاکیان بکەرەوە.
- دووربکەوەرەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و نزیک کەوتنەوە لە خەڵک.
- رەچاوی زانیارییەکانی سەرچاوەی سەرەکی حکومەت بکەن و پابەند بن بە ڕینماییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان .